تێبینییەک لە سەر بۆچوونی هەندێک لەو کوردانەی کە ئایدیالۆژیەکانیان لا سەرترە تا پرسی نەتەوەیی
تێبینییەک لە سەر بۆچوونی هەندێک لەو کوردانەی
کە ئایدیالۆژیەکانیان لا سەرترە تا پرسی نەتەوەیی
د. عەبدوڵڵا ئەمینی
شایەت درووسبوونی چەمکی "نەتەوە" و پێوەندی ئەم چەمکە لەگەڵ چەمکی "دەوڵەت" وەک زۆربەی چەمکەکانیتر لایەنێکی ئایدیالۆژیکی هەبێت، بەڵام لە جیهانی مودێڕندا بۆ دامەرزاندنی پێکهاتەیەکی سیاسی و درووسکردنی "ڕۆحێکی جەماوەر" بوونی ئەم چەشنە چەمکانە لە کۆمەڵگادا پێویستە. ئەوەیش درووستە کە چەمکگەلی وەک "مرۆڤایەتی" و "لێبوردەیی" و "پێکەوەژیانی هێمنانە"، بە بێ زقکردنەوەی لەمپەڕ و سنوورگەلێکی دوور و درێژ، وەک پێوەرێک بۆ هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ "ئەوانیدی"دا وەک پێوەرگەلێکی ئارمانی و ترانسێندێنتاڵ بۆ هەر تاکێکی مرۆڤ پێویستە؛ بەڵام ژیان و زمان بە بێ درووسکردنی دوولانەی دژبەیەک پێک نایەت؛ بەتایبەت ئەگەر مرۆڤ وەک تاکێکی گرێدراو بە کۆمەڵگا و ئەوانیدیەوە چاو لێبکەین. دیارە هەموو دوولانەکان و هەر چەشنە سنووردارکردنێک لە سرشتی خۆیاندا بەگشتی خراپ نین و تەنها ئەو چەشنە دوولانانە ڕێگەپێنەدراون کە ژیان و بوونی ئەوانیدی دەخەنە مەترسیەوە و ئازادیان لێ زەوت دەکەن. هەر بۆیە مرۆڤی کۆمەڵگایەک هەر ئێستایش پێویستە پێکهاتەیەک یان "دال (ئاماژەدەر)"ێکی ناوەندیان ببێت کە تاکەکان و زۆرێک لە ڕێکخراوە و قوتابخانە فکرییەکان و هەڵوێستە جیاوازەکان لە سەری هاودەنگییان ببێت و بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە بۆ بەرژەوەندی ئەو پێکهاتەیە تێبکۆشن. لێرەدا ئەو پێکهاتەیە کە ئاماژەمان پێدا هەمان "نەتەوە" یان "دەوڵەت"ه. مەبەستم لێرە پێوەندی نێوان هەموو تاک و کۆمەڵ و قوتابخانە فکرییەکانی (چ ئایینی و چ نائایینی) کورد دەرهەق بە چەمکی "کورد" وەک "نەتەوە"یە. بە بڕوای من، جیاواز لە هەر ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەی "پۆستمودێڕنانە" و دژەئاوەز بۆ چەمکگەلی "نەتەوە" و "دەوڵەت" و "نیشتمان"، تاک و کۆمەڵی کورد بە بێ ئاوڕدانەوە لە گەل خۆی وەک نەتەوەیەک (وەک دالێکی ناوەندی کە ئەتوانێت هەموو جۆرە بیر و بۆچوونە جیاوازەکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە) کە لە کەنار نەتەوەکانیتردا بوونی سەربەخۆی هەیە و وەک "بڤەیەک" نابێ ئەم سەربەخۆبوونە نکۆڵی لێبکرێت- و لە هەنبەر هەر نکۆڵیکردنێکی ئایدیالۆژیکدا دەبێت هەڵوێستی بەرانبەر بگرین- ناتوانێت کوردبوونی خۆی مسۆگەر بکات. واتە، سەرەتا هەر کوردێک باشتر وایە شۆناسی خۆی وەک "کورد" (و "کوردستانی") بناسێت و بیناسێنێت و دواتر ئەو تایبەتمەندیە فکری و ئایدۆلۆژیکەکانی لە کەنار ئەو خاڵە سەرەکیەدا پێناسە بکات. بەنموونە، مادام کوردێکی ئایینی (کە بە ئایینێکی تایبەت بڕوای هەیە) سەرەتا تایبەتمەندیە ئایینیەکەی وەک شۆناسی سەرەکی و ناوەندی خۆی پێناسە بکات و کوردبوون و نیشتمانپەروەریەکەی لە پلەی دووهەمدا دابنێت، ئەوە نیشاندەری ئەو واقعیەتەیە کە "نەتەوە" و "نیشتمان" بۆ ئەو خاڵێکی گرینگ نیە و هەمیشە نەتەوە قوربانی ئایدۆلۆژیای دەر لە نەتەوە دەکات و تەنها هەندێ جار بۆ بەرژەوەندی خۆی کەڵک لە پێناسەی نەتەوە دەگرێت. بۆیە خاڵێکی ئاساییە بۆ ئەو کەسایەتیانە کە لە بۆنە و کێشە سیاسی و کەلتوورییەکاندا لایەنی ئایدیالۆژیا دژەنەتەوەییەکەیان بگرن.
لێرە نامهەوێت حوکمێکی پەتی و پتەو بکەم، بەڵام لام وایە کە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بە سەر مێژووی سیاسی و فیکری گەلی کورددا، بۆمان دەردەخات کە کورد بەداخەوە یەکێک لەو دەگمەن گەلانە بوە کە زۆر جار ڕۆحی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی قوربانی ئایدیالۆژیەک کردوە کە لە خزمەت نەتەوەکەیدا نەبوە و کوردبوونی خۆی لە بیر و بۆچوونە دژەنەتەوەییەکەی خۆی لا لاوازتر و پەستتر بوە (دیارە لێرەدا ئەو هەڵوێست و خۆڕاگرییە قارەمانانەی کەسایەتیە گەورەکانی کورد وەک قازی موحەمەد، کاک فوئاد، قاسملوو و کەسانیتر وەک هێمایەکی نەتەوەپەروەرانە جێگای ڕێزە و نکۆڵی لێناکرێت؛ بەڵکوو مەبەست لێرە ڕۆحێکی گشتییە). بەڵام کاتێک لە گەلانیتر ئاوڕ دەدەینۆ دەبینین کە ئەوان بەپێچەوانەی کوردەکان زۆر جار و لە هەموو قۆناغە هەستیارانەکاندا نەتەوە و ڕۆحی جەماوەری خۆیان وەک تایبەتمەندی سەرەکی شۆناسی خۆیان لا گرینگتر بوە و ئێستایش هەر وایە. بە نموونە، کاتێک سەیری فارسەکان دەکەین هەرچەند ڕێکخراوە و گرووپی فیکری و ئایینی و ئایدیالۆژیکی زۆر جیاوازیان تێدایە و زۆر جاریش لە ڕووی فکرییەوە لەبنەڕەتدا دژبەیەکن، بەڵام کاتێک لە قۆناغێکی هەستیاردا پرسی "فارس" و "ئێران" دێتە ئارا و دەکەوێتە مەترسییەوە هەمیشە وەک یاسایەکی نەنووسراو یەک دەگرن و لە هەنبەر "ئەوانیدیەکانی" خۆیاندا (واتە کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و هتد) هەڵوێستێکی یەکلایەنە دەگرن؛ تاکێکی شێعە یان "ملی مەزهەبیەک" لە کەناری مارکسیستییەکی تۆخدا وەک برا هەڵوێست دەگرێت.
بەڵام زۆر بەداخەوە ئەم چەشنە سیاسەتە کە دەرکەوتەی عەقڵی کردەوەییە لای تاک و گرووپی کورد دەگمەنە و کەڵکی لێوەر ناگرن. مەلایەکی سەلەفی و بنەڕەتخوازی کورد پێی بکرێت لە چرکەساتێکدا بە هاسانی هەموو گەل و نەتەوە و بەرژەوەندی کوردستان لە پێناو ئایدۆلۆژیەکەیدا دەفرۆشێت هەرچەند بەرژەوەندیەکەی بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتدارەکانی گەلانیتر بێت؛ هەر ئەو جۆرەی کە مارکسیستێکی کورد ئاوەها هەڵوێستێک دەگرێت.
هەمیشە بواری فەلسەفە و تێفکرین بە پێی ئاوەز وەک ئاقارێکی تایبەت چاو لێکراوە؛ بەهۆی ئەوەی کە فیلەسووف بە پێی ئیدعای خۆی بە بێ سەرنجدان بە بەرژەوەندی کەسایەتی خۆی یان نەتەوەکەی لە پرسی "مرۆڤ" یان بەگشتی لە پرسی "بوون" لێکۆڵینەوەی عەقڵانی دەکات و ترسیشی لەوە نیە کە ئاکامی بیردۆزی و لێکدانەوەکەی بەرژەوەندی کەسانێک یان نەتەوە و وڵاتەکەی بخاتە مەترسییەوە. بەڵام ئەمە دیدێکی ئارمانیە لە تێفکرینی فەلسەفیانە. بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر مێژووی فەلسەفەدا بۆمان دەردەکەوێت کە تەنانەت فیلەسووفەکانیش بە پێچەوانەی ئیدعاکانیان بەشێوەیەکی نهێنی یان ئاشکرا زۆر جار نەتەوە و وڵات و شار (پۆلیس بە واتا یۆنانییەکەی) و بەرژەوەندی نەتەوەکەی خۆیان لە سەر پرسەکانیترەوە داناوە و فەلسەفە و ئەندێشەیان خستوەتە خزمەت گەل و وڵاتەکەیان. ئەوەی بۆچ هەندی لە تاک و لایەن و ڕێکخراوە و قوتابخانە فکرییەکانی کورد هەمیشە دەیانەوێت وەک قارەمانێک ڕەوڵ بنوێنن و کورد گوتەنی "کاسەی داختر لە ئاش" بن (واتە لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان بۆ بەرژەوەندی ئایدیالۆژیەکەیان و هەر وەها بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتداران و گەلانیتر قوربانی بکەن)، من هۆکارەکەییم بۆ نادۆزرێتەوە. لە درێژەدا تەنها بە چەند نموومە بە فیلەسووفە مەزنەکانی ڕۆژئاوا (لە فەلسەفەی کۆن و نۆێ) ئاماژە دەکەم کە چلۆن لە سیستەمی فەلسەفی خۆیاندا پاساویان بۆ نەتەوە و شاری خۆیان هیناوەتۆ و پشتیان چۆڵ نەکردوە، تەنانەت هەندێ جار وا هەست دەکرێت کە ئەو فیلەسووفانە لایەنی ئاوەزیان بەرداوە و بیری خۆیان خستەوەتە خزمەت شار و نەتەوە و نیشتمانی خۆیانەوە.
بە پێی گێڕانەوەی ئەفلاتوون لە دیالۆگی کریتۆندا کاتێک کە سوقرات لە لایەن نەیارانیەوە بە چەند هۆکاری دەسکرد تۆمەتبار دەکرێت و ڕادەستی بەندیخانەی دەکەن، لەو ماوەیەدا هەندێک لە هەڤاڵان و دڵسۆزانی سوقرات (بەتایبەت کریتۆن) پارەیەکی باش کۆ دەکەنەوە تا وەک ڕشفەت بیدەن بە بەرپرسانی بەندیخانە و بەو جۆرە سوقرات وەدەرنێن و بیگوازنەوە بۆ جێگایەکی متمانەپێکراو. کاتێک ئەم پێشنیارە ئاراستەی خودی سوقرات دەکەن بە هیچ چەشنێک ئەم پێشنیارە پەسەند ناکات و لای وایە کە لە گێژاوی هیچ دۆخێکدا نابێت "یاساکانی دەوڵەت-شار/ پۆلیس" (دیارە مەبەست هەمان یاساگەلێکن کە ئەو دەم بە سەر دەوڵەتشاری ئاتن-دا حاکم بوو) تێکبشکێنین و بێڕێزی پێبکەین- هەر چەند سوقرات هەر لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەدا دەسبەسەر کرابوو و دواتریش دەرمانخوارد کرا. هەر دوابەدوای ئەو، ئەفلاتوون شاگردی سوقرات بۆ نۆژەنکردنەوە و سەقامگیر کردنی کەلتوور و شێوازی دام و دەزگای سیاسی ئەو دەمەی ئاتن لە نێو سیستەمە فەلسەفییەکەیدا هەموو هەوڵ و توانای خۆی تەرخان کرد تا بە شێوازێکی فەلسەفیانە بیر و هزری فەلسەفی دەخیل کات لە سیستەمی سیاسیدا و پاساوی بۆ بهێنێتەوە. لە ئاکامی ئەم تێکۆشانانەدا بوو کە بڕیاریدا بۆ چاکسازی و پتەو کردنی سیستەمی سیاسی (کە زۆرتر مەبەستی سیستەمی سیاسی ئەو دەمەی ئاتن بوو) باشتر وایە کە یان شاکان وانەی فەلسەفی بخوێنن یان فیلەسووفەکان ببن بە شا. ئەم چەشنە هەڵسووکەوتە تەنها تایبەت بە فەلسەفەی کۆنەوە نیە، لە فەلسەفەی نوێیشدا هێگل وەک فیلەسووفێکی مەزن و هێمای عەقڵانیەتی هەمەلایەنە، کاتێک چەمکی "ڕۆحی پەتی(موتڵەق)" کرد بە ناوەڕۆکی سیستەمی فەلسەفەی خۆی و هەوڵیدا دەرکەوتنی ڕۆح لە هەموو بوارەکاندا نیشان بدات، ئەو کاتەی باس لە "ڕۆحی ئۆبژکتیڤ" دەکات کە بە شێوازێکی سیاسی خۆی لە چوارچێوەی "دەوڵەت"دا دەنوێنێت لای وابوو کە "دەوڵەتی پرۆس"ی ئەو سەردەمە باشترین نموونەی هەمان ڕۆحە کە بریتیە لە نەتەوە و ڕۆحی ئەو سەردەمەی ئاڵمان. تەنانەت هایدیگەری دژەمێتافیزیکیش هیچ شکێکی لەوەدا نەبوو کە "پێشەوا" واتە هیتلەر و نازیەکان باشترین هێمای ڕگەزی ئاریایی و ئاڵمانین. هایدیگەر ئەوەندە لە دەسەڵاتی "دەستەکانی" هیتلەر تێڕامابوو کە حازر بوو دۆستەنزیکە جوەکانی (وەک کاڕل یاسپرس) بۆ هەمیشە وەلا بنێت و ماڵئاواییان لێبکات.
ئەمانە تەنها چەند نموونەی ساکار بوو لەو فیلەسووفانەی کە تەنانەت لە تیۆریکیترین و عەقڵانیترین ئاقاردا حازر نەبوون لایەنی نەتەوە و شار و نیشتمان و دەوڵەتی خۆیان بۆ داخوازیەکانی سیستەمی فەلسەفیەکەیان چۆڵکەن و پاساو دژ بە نەتەوەکەیان بهێننۆ. کەچی ئێمەی کورد لە ئەو هەموە چەرمەسەریە و بەشخورانی مێژووییەی خۆمان فێر نەبوویین لەو دەرفەتانەی بۆمان دەڕەخسێت یان ئەو کۆسپ و کەڵەمانەی "ئەوانیدیەکانمان" بۆمان ساز دەکەن وانە فێر بین و بە هەموو جیاوازیەکانمانەوە پشت یەک بگرین. هەر بە پێی ئەم چەشنە بۆچوونەیە کە هەندێک لە زەینکوێرە ئایدۆلۆژیکەکانمان بە جێی پشتگیریکردن، بەرخۆدانی قارەمانانەی ژنان و پیاوانی عەفرین بە پێی منتقێکی ئایدۆلۆژیکی ڕەش/سپی سەرکوت دەکەن و ئەردۆغان وەک "پێشەوا"ی خۆیان لەقەڵەم دەدەن و پاساوی ئایینی و نامرۆڤانە بۆ هێرشی گورگئاسای ئەو بۆ سەر مناڵ و ژنان و پیاوانی ڕۆژڕەشی کورد دێننەوە.
دیارە پشتگیری کردنی هەموو تاک و ڕێکخراوە ئایدیالۆژیکەکانی کورد لە نەتەوە و نیشتمانی خۆیان تەنها ئەو کاتەی دێتە ئاراوە کە هەموو تاک و ڕێکخراوەیەکەی کورد بۆ شۆناسی خۆی سەرتا نەتەوە و نیشتمانی لا پیرۆزتر و گرینگتر بێت تا ئایدیالۆژی و بەرژەوەندیەکانیتر. بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، ئەم واقعیەتە خەسارێکی گەورەیە کە ئێستایش هەر نامانەوێت ئاگایانە لێیبکۆڵینەوە و لە سەری ڕێککەوین، هەر بۆیە ئەوانیدیەکانمان لەم کەلێنە بەهرە دەبەن و هەر جار بەرەولای ئایدۆلۆژیەک پەلکێشمان دەکەن و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیمان لا لاوازتر دەکەن و خۆمان بە گژ خۆمانا دەدەن؛ ئەڵبەت ئەمە بەو واتا نییە کە هەموو کەم و کۆڕیەکانی خۆمان بخەینە سەر شانی ئەوانیدیەکانمان چوونکە چاک دەزانین کە "دار کرمی لە خۆی نەبێ ناڕزێ".
عبدالله امینی